لیژنه‌ى كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تى به‌ هاوكاریى سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ ۆرك شۆپێكى تایبه‌ت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای ژماره‌ 22ى ساڵى 2011 ئه‌نجامدا

20/04/2015 12:36:00 م
ئه‌مڕۆ 20/4/2015 لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و منداڵ ‌و خێزان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ هاوكاریى سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى په‌رله‌مان، ۆرك شۆپێكی ده‌رباره‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای ژماره‌ 22 ى ساڵى 2011 له‌ هۆڵى په‌ناگیرى ئه‌نجامدا، كه‌ تیایدا رێكخراوه‌كانى تایبه‌ت به‌ خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى تایبه‌ت به‌ خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان ئاماده‌ى بوون.
سه‌باره‌ت به‌ ئه‌مانج له‌ ئه‌نجامدانی ۆرك شۆپه‌كه‌، گه‌شه‌ دارا سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و منداڵ و خێزان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سایتی په‌رله‌مانى راگه‌یاند: "هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك كه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێ به‌پێى ژماره‌ى یاسایی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان پێشكه‌ش ده‌كرێت، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانه‌وه‌ هاتووه‌ و ئێمه‌ش پێشكه‌شمان كردووه‌، سیاسه‌تى لیژنه‌كانى په‌رله‌مانیش وایه‌ كه‌ راوێژ به‌و توێژه‌ بكات كه‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ى بۆ ده‌رده‌چێت ‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش خه‌ڵكانى پسپۆڕ له‌و بوارانه‌دا بانگهێشت ده‌كات، تا بتوانرێ راوسه‌رنجیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌ وه‌ربگیرێ و بڕیارى پێویست له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ بدرێ" .
ئه‌وه‌شی راگیه‌اند: "گه‌یشتین به‌و ئه‌نجامه‌ى ئه‌وان درافتێكى تریان ئاماده‌یه‌ جیاوازه‌ له‌و درافتانه‌ى كه‌ له‌ لیژنه‌كه‌مان هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ پڕۆژه‌یه‌كى ترى هه‌مواركردن كه‌ لیژنه‌یه‌كمان پێكهێناوه‌ ئاماده‌ی ده‌كات و یاسا كۆنه‌كه‌ ده‌بێته‌ بنه‌ما كاتێ كه‌ پڕۆژه‌یه‌كى تر ئاماده‌ بكرێت و جارێكیتر لیژنه‌ پێشكه‌شى بكاته‌وه‌ و راپۆرتێكى باشى له‌سه‌ر بنووسین".
سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێ نه‌كردنى پرۆژه‌ یاسای ژماره‌ 22 كه‌ له‌ ساڵى 2011 له‌ ماوه‌ى چوار ساڵ دواى ده‌رچوونى كه‌ گله‌یى و گازانده‌ى زۆرى رێكخراوه‌كان و خاوه‌ن پێداویستییه‌كانى له‌ گفتوگۆ كراوه‌كه‌دا له‌سه‌ر بوو، سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان ئاماژه‌ى به‌وه‌دا: "ئه‌و ماده‌یه‌ى كه‌ له‌ یاساكه‌دا هه‌یه‌ و ماف و ئیمتیازى داوه‌ به‌ خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ و داواشمان كردووه‌ كه‌ ده‌بێ ئه‌و ماده‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا بۆته‌ قه‌رزێك به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه‌، ئه‌و قه‌رزه‌ش هه‌ر ده‌مێنێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستكارى ئه‌و بڕگه‌یه‌ش بشكه‌ین به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ نابێت كه‌ ئه‌و ئیمتیازه‌ نه‌مێنێت، به‌ڵام ئه‌و ئیمتیازه‌ تا ئێستا كاری پێده‌كرێت تا ئه‌و كاته‌ى هه‌موارده‌كرێته‌وه‌ و له‌په‌رله‌مانى كوردستان په‌سه‌ند ده‌كرێـت و ده‌نێردرێت بۆ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم تا ڕۆژى ده‌رچوونى یاساكه‌ كاری پێده‌كرێت".
حوسێن ئه‌شكه‌نه‌یی كه‌ یه‌كێك بوو له‌ ئاماده‌بووانى گفتوگۆكه‌ و خاوه‌ن پێداویستیى تایبه‌ته‌ ره‌خنه‌ى له‌ جێبه‌جێ نه‌كردنى یاساكه‌ گرت له‌ ماوه‌ى ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ى ده‌رچوونیدا و رایگه‌یاند: "گرفتى هه‌ره‌ سه‌ره‌كیمان له‌ هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێ نه‌كردنى یاسایه‌، چونكه‌ یاسای زۆرمان هه‌یه‌، به‌ڵام جێبه‌جێ ناكرێت وه‌كو خۆى، بۆیه‌ ئومێده‌وارم دواى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ئه‌و بڕگه‌ و مادانه‌ حكومه‌ت مولزه‌م بێت به‌ جێبه‌جێ كردنى یاساكه‌ ‌و له‌وه‌ زیاتر دوا نه‌خرێت".
شه‌ماڵ عه‌بدوڵا راوێژكارى لیژنه‌كه‌ پێشنیارى ئه‌وه‌ی كرد كه‌ له‌ ناو یاساكه‌دا هاوكارى یاسایی بۆ زیاد بكرێت، بۆئه‌وه‌ی خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان كه‌ كاریان له‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان ده‌بێت كێشه‌یان بۆ دروست نه‌كرێت و هاوكارى بكرێن، یان له‌ حاڵه‌تى زیندانیكردنى خاوه‌ن پێداویستییه‌كى تایبه‌ت له‌ رووى یاساییه‌وه‌ هاوكارى بكرێت.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان