له‌ په‌رله‌مان سیمینارێكی تایبه‌ت به‌ كاروباری مین رێكده‌خرێت

05/04/2015 04:05:00 م


سه‌عات 10ى سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ 05/03/2105 ، سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، سیمینارێكی تایبه‌ت به‌كاروباری ده‌زگای مین و قوربانییدانه‌كانیان، به‌ئاماده‌بوونی ژماریه‌ك له‌سه‌رۆكی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆك و جێگری ده‌زگای مینی حكومه‌تی هه‌رێم به‌رێوه‌برد.
له‌ده‌سپێكی سیمیناره‌كه‌دا، د.بورهان یاسین به‌رێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌ناوی سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌، وته‌یه‌كی كورتی ده‌رباره‌ی ئامانجی رێكخستنی سیمیناره‌كه‌ پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: ئه‌مرۆ كه‌ لێره‌وه‌ یادی رۆژی جیهانی هۆشیاركردنه‌وه‌ مین ده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌مان بیرده‌خاته‌وه‌ كه‌ سه‌دان هه‌زار كه‌س بوونه‌ته‌ قوربانی مین و ته‌قه‌مه‌نی، بۆیه‌ نابێت ئێمه‌ ته‌نها له‌رووی ژماره‌وه‌ سه‌یری ئه‌و قوربانیانه‌ بكه‌ین به‌ڵكو ده‌بێت له‌رێگه‌ی پرۆژه‌ یاسای تایبه‌ته‌وه‌ ماف بۆ قوربانیان بگێرینه‌وه‌.
د.بورهان یاسین، راشیگه‌یاند: رژێمی پێشووی به‌عس له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تێكی دوژمنكارانه‌ به‌شێكی زۆری شاخ و داخ و زه‌وییه‌كانی هه‌رێمی مینرێژكردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ دواجار ببێته‌ مه‌ترسیدارترین ناوچه‌ی جیهان، چاندنی مین به‌و هه‌موو ژماره‌یه‌ له‌كوردستان نه‌ك هه‌ر ژیانی خه‌ڵكانێكی خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ به‌ڵكو خه‌ڵكی كوردستانی بێبه‌شكردووه‌ له‌به‌شێكی زۆری زه‌وی زاره‌كانیان و خێرو بێری ئه‌م زه‌وی و زارانه‌ش.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا، به‌رێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان، باسی له‌رۆڵی سه‌نته‌ره‌كه‌ی كرد سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌لأ لیژنه‌و په‌رله‌مانتاران و به‌هه‌ند وه‌رگرتنی ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان.
 
دواتر به‌پێی به‌رنامه‌ی سیمیناره‌كه‌، سیراج بارزانی سه‌رۆكی ده‌زگای گشتی كاروباری مین چه‌ند روونكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی كێشه‌و گرفته‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی پاككردنه‌وه‌ی كێڵگه‌و زه‌وییه‌كان له‌مین بۆ ئاماده‌بووانی سیمیناره‌كه‌ خسته‌روو، ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، تا ساڵی 2003، رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌رێگه‌ی رێكخراوی تایبه‌ت به‌خۆیانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی پاككردنه‌وه‌ی كێڵگه‌ مینرێژكراوه‌كانی هه‌رێم و عیراقی ده‌كردو دواتر به‌یه‌كجاری هه‌رێمی به‌جێهێشت، خۆشبه‌ختانه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌رێگه‌ی دروستكردنی ده‌زگای مینه‌وه‌ ئه‌و بۆشاییه‌ی پركرده‌وه‌و دواتریش په‌رله‌مانی كوردستان به‌ده‌ركردنی یاسای ژماره‌ 10ی ساڵی 2007 زیاتر رۆڵی ده‌زگاكه‌ی پته‌وتركرد، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان هێشتا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاست تموح و داوكارییه‌كانی ئێمه‌.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا، سه‌رۆكی ده‌زگای گشتی كاروباری مین رایگه‌یاند، به‌پێی په‌یماننامه‌ی ئۆتاوای نێوده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به‌له‌ناوبردنی مین، ئه‌ندامان پابه‌ند ده‌كات به‌پشتگیرییكردنی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی پاككردنه‌وه‌ له‌ناوبردنی مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی و عیراقیش له‌ساڵی 2007 ئه‌و په‌یماننامه‌ی مۆركردووه‌، بۆیه‌ ده‌بێت حكومه‌تی فیدراڵ هاوكاری ماددی و مه‌عنه‌وی هه‌رێم بكات له‌و پرۆسه‌یه‌دا، له‌كاتێكیشدا سوپای ئه‌و حكومه‌ته‌ بووه‌ كه‌ له‌ساڵانی رابردوو سه‌رتاپای هه‌رێمی مینرێژكردووه‌ و ژماره‌ی قوربانیانی مین-یش له‌هه‌رێم ده‌گاته‌ 14 هه‌زار كه‌س.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی سیمیناره‌كه‌شدا، عه‌لی حه‌مه‌د به‌گ جێگری  سه‌رۆكی ده‌زگای گشتی كاروباری مین، پوخته‌ی داواكاری كارمه‌ندانی مین و مافه‌كانیان بۆ ئاماده‌بووانی سیمیناره‌كه‌ خرایه‌روو، كه‌ ناوبراو له‌روونكردنه‌وه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پرۆژه‌ یاسایه‌كیان له‌رێگه‌ی ژماره‌ی یاسایی په‌رله‌مانه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ یه‌كه‌می بۆ كراوه‌و به‌پێ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ كه‌ له‌ چوار به‌ش و 16 مادده‌ پێكهاتووه‌، تێیدا داواكراوه‌ به‌فه‌رمی شه‌هیدانی مین به‌ شه‌هیدانی سه‌نگه‌ر ئه‌ژمار بكرێن، كه‌ له‌ئێستادا ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی بریاری وه‌زاره‌ت كاری پێده‌كرێت و ده‌یانه‌وێت به‌یاسا دیاری بكرێت.
هه‌ر به‌پێی داواكاری پرۆژه‌كه‌ی ده‌زگای مین داواكراوه‌، دوو جۆر ده‌رماڵه‌ی تایبه‌ت به‌مه‌ترسی و كارمه‌ندانی مین خه‌رج بكرێت و هه‌روه‌ك داواشكراوه‌ خانه‌نشینی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ رێكبخرێته‌وه‌و به‌تایبه‌تی له‌كاتی له‌ده‌ستدانی ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ له‌كاتی كاركردندا له‌گه‌لأ هه‌ژماركردنی ساڵانی خزمه‌تییان له‌ده‌زگاكانی دیكه‌. هه‌روه‌ها داواشیانكرد، ده‌سته‌به‌ركردنی ژیان(تامین على حیات) له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ دابین بكرێت. جێگری  سه‌رۆكی ده‌زگای گشتی كاروباری مین، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، كه‌ تاوه‌كو ئێستا 25 شه‌هیدی مین له‌هه‌رێم هه‌یه‌ له‌گه‌لأ 80 كارمه‌ندی دیكه‌ كه‌ به‌هۆی مینه‌وه‌ په‌ككه‌وته‌بوون و 127 كه‌سیشیان خانه‌نشین كراون. له‌به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌شیدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ به‌هۆی جه‌نگی تیرۆریستانه‌وه‌ شێوازی كاری ده‌زگاكه‌شییان گۆرانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌و كارمه‌نده‌كانیان خۆبه‌خشانه‌ شانبه‌شانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌ركانی شه‌ردا ته‌قه‌مه‌نی و بۆمبی چێنراوی تیرۆریستانیان پوچه‌ڵكردۆته‌وه‌و تاوه‌كو ئێستا 4 كارمه‌ندی خۆبه‌خشی ده‌زگاكه‌یان له‌به‌ره‌ی جه‌نگ شه‌هید بوون.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی سیمیناره‌كه‌شدا، نوێنه‌رانی ده‌زگای مین ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌شییان ئاراسته‌ی حكومه‌ت و راگه‌یاندن و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد، كه‌ هیچ گرنگییان به‌كارو قوربانیاكانی مین هه‌م له‌پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێم و هه‌میش له‌به‌شدارییان له‌به‌ره‌ی جه‌نگ نه‌داوه‌.
دواتر چه‌ند چالاكییه‌كی هونه‌ری له‌لایه‌ن ده‌زگای مینه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ئاماده‌بووان كرا، له‌وانه‌ خستنه‌رووی كورته‌ فیلمێك و نمایشكردنی شانۆگه‌ری و له‌گه‌لأ كردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌كی تایبه‌ت به‌قوربانیانی مین و كاروچالاكییه‌كانی رابردووی ده‌زگاكه‌.


رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ