راگەیاندراوی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بەبۆنەی سالیادی راگەیاندنی كۆماری كوردستان

22/01/2015 08:08:00 م
لەكاتێكدا بەوپەری شانازی وسەربەزریەوە  یادی  تێپەربوونی 69 ساڵ بەسەر دامەزراندنی كۆماری كوردستان لەمەهاباد دەكەینەوە، كەلەهەلومەرجی  دوای جەنگی جیهانی دووەم  لەرۆژهەلاتی كوردستان راگەیەندرا.  هاوكاتیش سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی دامەزرێنەرانی كۆمار، پێشەوا ( قازی محەمەد )و سەرجەم شەهیدە نەمرەكان و پێشمەرگە وتێكۆشەرەكانی گەلەكەمان كەبەخەبات وفیداكاری خۆیان ومیللەتەكەمان لە 22-1-1946  دووەم ئەزموونی حوكمرانی خۆبەخۆ وئازادنەی گەلی  كوردیان  لە رۆژهەلاتی  كوردستان  راگەیاند ، لەدوای ئەزموونی  حوكمرانی مەلیك مەحمود  لە ماوەی نیوان 1918-1922  لەباشووری كوردستاندا.
 ئەمرۆ رۆژێكی مێژوویە لەخەباتی نەتەوەكەمان وگەلی كوردستان  كەتیایدا  بۆیەكەمجار  پراكتیزەی مافی چارەی خۆنووسینی كرد و  كۆماری  كوردستانی دیموكراتی   لەشاری مەهابادی خۆراگر وخۆشەویست راگەیاند.   هەرچەندە تەمەنی كۆماری كوردستان  11 مانگی خایاند،  بەلام وەرچەخانیكی گەورەبوو لەپرۆسەی خۆ بەرێوەبردنی گەلی كوردستان،  هەولی زۆر درا پەیوەندی دپلۆماسی بەهێز بكات و بوارەكانی پەروەردەو خوێندن وفەرهەنگی و رۆژنامەوانی  وكۆمەلایەتی و كشتوكالی و خزمەتگوزاری گەشەپێبدات، بۆ ئەوەی بنەمای دەسەلاتێكی دیفاكتۆی  دیموكراتی خۆبەرێوەبردنی كورد لە قۆناغ و هەلومەرجێكی هەستیار ودژواری دوای كۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم  بچەسپێنێ‌.
      راستە ماوەی حوكمرانی كۆماری دیموكراتی كوردستان تەنیا 11 مانگ بوو،  بەلام   میژوویەكی  پر لەسەروەری بۆ  گەلەكەمان  تۆماركرد، و دەرس و پەندی زۆری بۆ نەوەكانی دوای خۆی لەسەرجەم پارچەكانی كوردستان بەجێهێشت، هەروەك گیانی بەرخودان ونەتەوەپارێزی ویەكرێزی وهاوخەباتی لەنیوان پارچەكانی كوردستان  بەهێزتركرد ، لەپێناو درێژەدان  بەكاروانی خەبات و تێكۆشانی نەپساوە لەدژی ستەم و داگیركەرانی كوردستان.
 كۆماری كوردستان تەنیا وێستگەیەك نەبوو  لە قۆناغەكانی خەباتی  گەلەكەمان لەرۆژهەلاتی كوردستان،  بەلكو  بووە سەرچاوەیەكی  ئیلهامبەخش  بۆ هەلگیرسانی شۆرش و راپەرینی جۆراو جۆر لەپارچەكانی تری كوردستان و بەتایبەتی لەباشووری كوردستاندا، و بەپێی قۆناغە جیاوەزەكان، خەباتگیران ولایەنەسیاسیەكانی بەچاوی رێز وسوود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەو كۆمارە درێژەیان بەكاروانی خەبات داوە، نەوە دوای نەوەش وەك سومبلێك بۆ خۆبەرێوەبرن وگەیشتن بە ئاواتە نەتەوەییەكانی كورد چاویان لێكردوە،  كەخۆشبەختانە دواجار  لە1991  دەرفەتی دامەزراندنی ئەزموونێكی  هاوشویەی كۆمار  لە هەریمی كوردستان هاتە پێشەوە، كە بەسێیەم تەجروبەی خۆبەرێوەبردنی كورد دەژمێردرێت لەمێژووی خەباتی گەلەكەماندا، بەتایبەتی ئەم ئەزموونەی هەرێم بەشێوەیەكی رەسمی لەدەستووری فیدرالی عیراقد دانی پێدانراوە.
    ئەمرۆش هێزی پێشمەرگەی كوردستان كەبۆ یەكەمجار لەسەردەمی كۆماری كوردستان بەكارهاتووە،  لەگەل حكومەتی هەرێم وگەلی كوردستان لەریزی پێشەوەی  بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردان بۆ داكۆكیكردن لە دیموكراسیەت وئازادی ومافی مرۆڤ  و پێكەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان سەرجەم نەتەوە ئایینەجیاوازەكان.
لەم قۆناغە مێژوویەشدا،   بەشانازیەوە دەتوانین بلێن ئەزموونی هەرێمی كوردستان و  ئیدارەكانی رۆژئاوای كوردستان درێژەپێدەری ئەزموونی حوكمرانی شیخ مەحمود و  كۆماری كوردستانن، بۆیە هەلومەرجی سیاسی وقۆناغی خەباتی گەلەكەمان لەمرۆدا، بەتایبەت لەشەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و پیلانی  داگیركەران،  وادەخوازێ‌  هەموو هێزە سیاسیەكان لەسەرجەم پارچەكانی كوردستان بەرژوەندی بالای نەتەوە وگەلەكەمان بخەنە سەرووی  بەرژوەندی تەسك و دەسكەوتی بچوكی حزبایەتی، گیانی هاوخەباتی نەتەوەیی و خۆراگری خۆمان بەهێزتر بكەین، پارێزگاری لەو رۆحیەتی بەرخودانە هاوبەشە بكەین كە هەر لە كۆبانیەوە تا شەنگال و  مەخمورو كەركوك وجەلەولا  لەنیوان هێزەكانی پیشمەرگە وشەرڤانان ویەكینەكانی پاراستنی گەل لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستاندا كاری پێكراوە.
جاریكی تر سەری رێزو  وەفاداری بۆ گیانی پاكی  شەهیدانی كۆماری كوردستان و  شەهیدانی بەرنگابونەوەی تیرۆر و  پاراستنی ئەزموونی هەریمی كوردستان و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دادەنوێنین.
   بەرز و شەكاوە بێت ئالای بەرزی كۆماری كوردستان  لەمەهاباد،  سەركەوێ‌ خەباتی گەلەكەمان  لەپێناو  ئازادی  وسەربەخۆیی و  گەیشتن بەمافە رەواكانی لەسەرجەم پارچەكانی كوردستان.


 سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان  
22-1-2015


رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ