هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنان په‌رله‌مانتاران و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ ناوخۆییه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌

30/11/2014 11:03:00 ص
سه‌عات 10ی سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مرۆ 30/11/2014 سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، سیمینارێكی تایبه‌ت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنان له‌هۆڵی په‌ناگیریی په‌رله‌مان رێكخست.
له‌سیمیناره‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی لیژنه‌ی داریی په‌رله‌مان و  ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری لیژنه‌كانی دیكه‌ی په‌رله‌مان و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی خولی پێشوو و راوێژکارانی پەیوەندیدار بەبابەتەکەو له‌گه‌ل ژماره‌یه‌ك له‌وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆیی به‌رێوه‌چوو، تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی برگه‌و مادده‌كانی پرۆژه‌ یاسای هه‌مواری یاسای وه‌به‌رهێنان ژماره‌ 4ی ساڵی 2006 كرا.
له‌سیمیناره‌كه‌دا، چه‌ند لایه‌نێكی سه‌ره‌كی وه‌به‌رهێنان تێبینیان له‌باره‌وه‌ درا، له‌وانه‌ میكانیزمه‌كانی ته‌رخانكردنی زه‌وی و چۆنیه‌تی به‌خشین و رێژه‌ی باج و گومرگ و هه‌روه‌ها گره‌نتییه‌ یاساییه‌كان بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانیشه‌كانیش بوونه‌ خاڵی گفتوگۆ.
له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی سیمیناره‌كه‌دا، گرتنه‌به‌ری رێككاری پێویست دژ به‌وه‌به‌رهێنه‌ره‌ سه‌رپێچیكاره‌كانیش خرایه‌ به‌رباسو گفتوگۆ. بریاریشه‌ كۆی راسپارده‌و پێشنیازه‌كانی ئه‌و سیمیناره‌ له‌راپۆرتێكدا پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مان بكرێت، تاوه‌كو له‌راپۆرتی كۆتایی لیژنه‌كان جێبكرێنه‌وه‌و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكرێت بۆ ته‌واوكردنی رێككارییه‌ یاساییه‌كان بۆ ده‌رچوواندنی پرۆژه‌كه‌. 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان