راگه‌یه‌ندراوى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان به‌بۆنه‌ى كۆچى دوایى د. كه‌مال فواد سه‌رۆكى خولى گواستنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان

16/11/2014 06:50:00 م
  به‌ داخ و په‌ژاریه‌كى زۆره‌وه‌  هه‌والى كۆچى دوایى سیاسه‌تمه‌دار و  روناكبیر و رۆژنامه‌نووسی گه‌له‌كه‌مان د. كه‌مال فواد سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان (خولى گواستنه‌وه‌) راده‌گه‌ینین  كه‌ شه‌وى رابردوو 15له‌سه‌ر 16 -11-2014   دواى ململانێكى زۆر له‌گه‌ل نه‌خۆشى له‌به‌رلینى پایته‌ختى  ولاتى ئه‌لمانیا دڵه‌گه‌وره‌كه‌ى  له‌لێدان كه‌وت و له‌ته‌مه‌نى 82 ساڵى بۆ دواجار مالئاوایى له‌ كه‌س وكارو هاورێیان ونیشتمان كرد.  
    خوالێخۆشبوو له‌سالى 1932 له‌خانه‌واده‌یه‌كى تێكۆشه‌رو ناودارى شارى سلێمانى پایته‌ختى رۆشنبیرى هه‌رێمى كوردستان له‌دایكبووه‌، به‌درێژایى ماوه‌ى شه‌ست ساڵ خه‌باتگێرێكى بوێرى بوارى كوردایه‌تى وخه‌باتى دیموكراسى ومه‌ده‌نیانه‌ى گه‌لى كوردستان بوو. 
له‌كۆرى سیاسی و رۆشبیرى وئه‌كادیمى و رۆژنامه‌گه‌ریشدا تێكۆشه‌رێكى پێشه‌نگ وخه‌مخۆرێكى ماندوونه‌ناس بوو. رۆلێكى به‌رچاوى له‌دۆزینه‌وه‌ وپاراستن وبه‌چاپگه‌یاندنى ژماره‌كانى رۆژنامه‌ى (كوردستان) هه‌بوو، له‌سه‌رده‌ستى ئه‌و مێژووى رۆژنامه‌گه‌رى كوردى له‌فه‌وتان رزگاركرا.  له‌بوارى ئه‌كادیمیشدا خزمه‌تیكى به‌رچاوى زمان وفه‌رهه‌نگى كوردى كردووه‌، و رۆلى به‌رچاوى  له‌كردنه‌وه‌ى به‌شى زمانى كوردى له‌ زانكۆى سلیمانى  هه‌بووه‌.  هه‌روه‌ك خاوه‌نى چه‌ندین باس وتوێژنه‌وه‌ وبابه‌تى ئه‌كادیمیه‌  له‌بواره‌كانى  زمان وئه‌ده‌بى  كوردى و ده‌ستنووسه‌ كۆنه‌كاندا.
 له‌ساڵی 1992 به‌ ئه‌ندامى خولى یه‌كه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان هه‌ڵبژێردرا و بووه‌ سه‌رۆكى فراكسیۆنى سه‌وز، یه‌كێك بوو له‌و 59 ئه‌ندامانه‌ى په‌رله‌مان كه‌سالى 1994 له‌هۆڵى په‌ناگیرى له‌ته‌لارى په‌رله‌مان مانگرتیان له‌دژى شه‌رى ناوخۆ راگه‌یاند، له‌ هه‌ڵوێسته‌كانیدا كه‌سێكى میانڕه‌وبوو، هه‌میشه‌ له‌گه‌ل پاراستنى گیانى برایه‌تى ویه‌كریزى وته‌بایى وپێكه‌وه‌ كاركردنى هێز ولایه‌ن وكوتله‌ سیاسیه‌كانى ناو په‌رله‌مانى كوردستان بوو، له‌سالى 1998ه‌وه‌ تا یه‌كخستنه‌وه‌ى په‌رله‌مان رۆلێكى به‌رچاوى له‌پرۆسه‌ى ئاشتبوونه‌وه‌ى  هه‌رێمدا  هه‌بوو.
     له‌ماوه‌ى 1996-1999 وه‌ بۆته‌ جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان  له‌ ئیداره‌ى سلێمانى ،  له‌سالى 2002 -2005 به‌سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان (خولى گواستنه‌وه‌) هه‌لبژێردرا  له‌سه‌رده‌مى ئه‌ودا بۆ یه‌كه‌مجار دوو پرۆژه‌ی ده‌ستوور بۆ هه‌ریمى كوردستان وعیراق  بۆ دواى رووخانى رژێمى دیكتاتۆرى په‌سه‌ندكران.
    له‌ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌ودا،  په‌رله‌مان 94 دانیشتنى ئه‌نجامدا و تیایدا  55 بریار و44 یاساى ده‌رچواند، له‌مانگى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 2004 بۆیه‌كه‌مجار كۆنفرانسێكى نێوده‌وله‌تى له‌ته‌لارى په‌رله‌مان رێكخرا بۆ به‌جینۆسایدناساندنى تاوانه‌كانى ئه‌نفال وبه‌كارهێنانى چه‌كى كیمیاى له‌دژى گه‌لى كوردستان. 
     كۆچى دوایى د. كه‌مال فواد خه‌ساره‌تێكى گه‌وره‌ی بوو بۆ  ته‌بایى وپێكه‌وه‌ژیانى نێوماڵى كورد  وبواره‌كانى  ئه‌كادیمى و رۆژنامه‌گه‌رى و كارى سیاسى  وپه‌رله‌مانى.
 به‌مبۆنه‌ خه‌مناكه‌وه‌  به‌ناوى خۆمان وئه‌ندامانى خولى هه‌لبژاردنى چواره‌مى په‌رله‌مانى كوردستان پرسه‌ وسه‌ره‌خۆشى ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ و بنه‌ماڵه‌ى تێكۆشه‌رو  دۆست و هاورێیانى  ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ك پرسه‌و سه‌رخۆشى خۆمان ئاراسته‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كیتى نیشتمانى كوردستان ده‌كه‌ین  به‌بۆنه‌ى كۆچى دوایى یه‌كیك له‌ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رانى یه‌كێتى. 
     وه‌ك ریزگرتن  له‌ خه‌بات و خزمه‌ته‌كانى سه‌رۆكى كۆچكردووى خولى گواستنه‌وه‌ى په‌رله‌مان. سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بریاریدا  بۆماوه‌ى 3 رۆژ به‌ داگرتنى ئاڵاى پیرۆزى كوردستان له‌سه‌ر ته‌لارى په‌رله‌مانى كوردستان. 
 له‌خواى گه‌وره‌ ومیهره‌بان داواكارین گیانى خوالێخۆشبوو  به‌به‌هه‌شتى به‌رین شاد بكات و ئارامى  و سه‌بوورى به‌گشت لا ببه‌خشێت. 
انا لله وانا الیه‌ راجعون
سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان
16-11-2014

رۆژمێرى رووداوه‌كان