وۆركشۆپێكی تایبه‌ت به‌جێبه‌جێكردنی ستراتیژیه‌تی رۆڵی چاودێری دارایی په‌رله‌مان به‌رێوه‌ده‌چێت

12/10/2014 11:59:00 ص

سه‌عات 10ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ 12/01/2014 به‌ئاماده‌بوونی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم  ئیمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگای وێستمینسته‌ر بۆ دیموكراسی وۆركشۆپێكی تایبه‌ت به‌جێبه‌جێكردنی ستراتیژیه‌تی رۆڵی چاودێری دارایی په‌رله‌مان به‌رێوه‌برد.
له‌ده‌سپێكی وۆركشپه‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ژماریه‌ك له‌په‌رله‌مانتارو نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی دارایی به‌رێوه‌چوو، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان وتاری كردنه‌وه‌ی وۆركشۆپه‌كه‌ی پێشكه‌شكردو له‌وته‌كه‌یدا، رایگه‌یاند: له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ گرنگی به‌وه‌ دراوه‌ ده‌زگای چاودێری دارایی چاڵاك بكرێت و ئه‌مه‌ی ئێستاش كاری یه‌كه‌م نییه‌و دوایش نابێت، چونكه‌ ئێمه‌ له‌بنه‌ره‌تدا پێویستمان به‌راهێنانی زیاترو به‌ده‌ستخستنی زانیاری زیاتر هه‌یه‌ بۆ بنیاتنانی ئه‌و ده‌زگا گرنگه‌و ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌ست به‌كه‌لێن و كه‌موكورتییه‌كانمان ده‌كه‌ین و هه‌وڵی چاككردنیشیان ده‌ده‌ین و ئه‌گه‌ر واش بیر نه‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا مانای ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ نامانه‌وێت له‌واقیعی خۆمان تێبگه‌ین.
ئیمینكی راشیگه‌یاند:  تموحی هه‌رێمی كوردستان زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ كه‌ ده‌زگای چاودێری و سیستمی داراییه‌كه‌ چالاكتر بكرێت، به‌ڵكو ده‌خوازێت بگاته‌ هاوشانی ده‌وڵه‌ته‌ پێشكه‌وتووه‌كانی وه‌ك دانیمارك كه‌ به‌نموونه‌ی شه‌فافییه‌ت و چاودێری ده‌ستنیشانكراوه‌، هه‌روه‌ك له‌كوردستانیش كاری زۆر كراوه‌ بۆ پێشخستنی هه‌م ده‌زگای چاودێری و هه‌م سیستمه‌ داراییه‌كه‌ی، به‌ڵام له‌سه‌ر په‌رله‌مان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێویسته‌ به‌چاوێكی ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ بۆ باشتر بنیاتنانی سیستمه‌كه‌ له‌و كارو پرۆژانه‌ بروانن. هه‌روه‌ها پێویستیشه‌ ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌كه‌ین كه‌ شاره‌زاو ئه‌زموونی خۆشمان گرنگه‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی دێنه‌ پێش بۆ پێشخستنی سیستمی داراییمان. له‌كۆتایی وته‌كه‌شیدا، د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم  ئیمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ستخۆشی له‌هه‌ردوو سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ده‌زگای وێستمینسته‌ر بۆ دیموكراسی كرد بۆ رێكخستنی ئه‌م وۆركشۆپه‌.
دواتر له‌لایه‌ن رێكخه‌رانی ۆرك شۆپه‌كه‌وه‌ ، كارنامه‌ی وۆركشۆپه‌كه‌ بۆ ئاماده‌بووان روونكرایه‌وه‌، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی  تایبه‌تبوو به‌ ناساندن و خستنه‌رووی ستراتیژیه‌تی چاودێری دارایی و رێككه‌وتن له‌سه‌ر چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی ئامانجه‌ ستراتیژییه‌كانی و به‌رده‌وامیدان به‌ئاڵوگۆركردنی زانیاری پێشنیازه‌كان له‌نێوان په‌رله‌مان و دیوانی چاودێری و وه‌زاره‌تی دارایی.
جێی ئاماژه‌یه‌، وۆركشۆپێكی تایبه‌ت به‌جێبه‌جێكردنی ستراتیژیه‌تی رۆڵی چاودێری دارایی په‌رله‌مان له‌هه‌ردوو رۆژانی 12-13/10/2014 له‌ له‌هۆڵی قه‌ڵاتی هۆتێڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر (شیراتۆن) به‌رێوه‌ده‌چێت و تێیدا به‌ووردی رۆڵ و كاری ده‌زگای چاودێری دارایی بۆ په‌رله‌مانتاران و ئاماده‌بووان رونده‌كرێته‌وه‌و هه‌ر له‌وۆركشپه‌كه‌شدا، له‌لایه‌ن د.عیزه‌ت سابیر سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و  د.شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامانی لیژنه‌ له‌ سێ سیمیناری جیاوازدا سیسته‌م و سروشتی بودجه‌و دارایی هه‌رێم و ده‌رئه‌نجامی كۆنفرانسی مارسیلیا-فه‌ره‌نسا تایبه‌ت به‌ده‌زگاكانی چاودێری دارایی له‌وڵاتانی رۆژهه‌ڵات بۆ ئاماده‌بووان ده‌خرێنه‌ ڕوو.   

 
 
 
 
 

 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ