دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەنگی بەپایتەختی ئاشتی دا

01/10/2014 07:54:00 ص



بۆیەکەمینجار لەم خولەی پەرلەمانی کوردستاندا، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان، دەنگیان بۆ بڕیارێک بەرزکردەوە، کە ئەویش بڕیاری (پارێزگای هەڵەبجە پایتەختی ئاشتیی كوردستان-عیراق)ە. ئەمڕۆ سێ شەممە، ٣٠ ئەیلول، پەرلەمانی کوردستان  بەسەرۆكایەتیی د.یوسف محەمەد سادق سەرۆكی پەرلەمان، بە ئامادەبوونی د.جەعفەر ئیبراهیم ئیمینكی جێگری سەرۆك و فەخرەدین قادر عارف سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (3)ی ئاساییی خولی گرێدانی ساڵی یەكەم لەخولی چوارەمی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، سەرەتای دانیشتنەکە سەرۆكی پەرلەمان بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە، پاشان گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژە بڕیاری پایتەختی ئاشتیی هەرێمی كوردستان ‌و عیراق دەستیپێکرد،  دوای نزیکەی ٥ کاتژمێر لە گفتوگۆی بڕگەکانی ئەم بڕیارە بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەندکرا و بە پێی بڕیارەکە پارێزگای هەڵەبجە پایتەختی ئاشتیی كوردستان-عیراقە) ە. دەنگدان بۆ ئەم بڕیارە، بەدەر لە پەرلەمانتاران، بۆ یەکەمینجار، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەنگیان بەم پڕۆژەیە دا، لەم خولەدا ئەمە یەکەمیجارە دەستەی سەرۆکایەتی دەنگ دەدەن.
لە وتەی کۆتایی دەنگدانەکەدا، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، پیرۆزبایی لە دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە و هەمو کوردستان کرد، هیوای خواست ئەم بڕیارە هێندەی نازناوی میللەتەکەمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناسراوتر بکات.
لە کۆتایی وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی پەرلەمانتارانی کرد، بەجیاوازی فراکسیۆن و بیروڕایانەوە، وەک هەستێکی نیشتمانی بە تێکرای دەنگ دەنگیان بەم پڕۆژەیە دا.


رۆژمێرى رووداوه‌كان