سیمینارێكی تایبه‌ت به‌ شێوازه‌كانی دارشتنی یاسا بۆ په‌رله‌مانتاران به‌رێوه‌چوو

10/09/2014 06:05:00 م

سه‌عات ۱۰ی سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مرۆ 10/9/2014، به‌ ئاماده‌بوونی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئیمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ، سیمینارێكی تایبه‌ت به‌ داڕشتنی یاسا بۆ په‌رله‌مانتاران ڕێكخست.
له‌  پێشه‌كی سیمیناره‌كه‌دا كه‌ به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی زۆربه‌ی فراكسیۆن و كوتله‌كانی ناو په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، د.جه‌عفه‌ر ئیمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ وته‌یه‌كی كورتدا سوپاسی رێكخه‌رانی سیمیناره‌كه‌ی كردو هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌كه‌شی به‌گرنگ وه‌سفكرد كه‌ ده‌بێته‌ هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زانیاری په‌رله‌مانتاران له‌ كاتی دانان و داڕشتنی یاساكاندا. دواتر له‌لایه‌ن دادوەر سەروەر علی جعفەر بابه‌ته‌كانی سیمیناره‌كه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران رونكرایه‌وه‌، كه‌ تێیدا تیشكخرایه‌ سه‌ر كێشه‌كانی سیستمی دادوه‌ری له‌ هه‌رێم و چۆنیه‌تی خۆپاراسن له‌ هه‌ڵه‌ باوو دژواره‌كانی پرۆسه‌ی یاسادانان.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی سیمیناره‌كه‌دا، دادوەر سەروەر علی جعفەر  ئه‌وه‌ی بۆ په‌رله‌مانتاران روونكرده‌وه‌، كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی زۆری ده‌ركردنی یاساكانه‌وه‌ جۆرێك له‌ دژبه‌یه‌كی دروستبووه‌و جاری وا هه‌یه‌ بۆ یه‌ك پرس جگه‌ له‌هه‌بونی یاسای كۆن، سێ یاسا ده‌ركراوه‌، له‌ كاتێكدا به‌ یه‌ك یاسا چاره‌ ده‌كراو ئه‌مه‌ش كێشه‌ی بۆ دادگاكان و هاووڵاتییان دروستكردوه‌.
هه‌ر له‌ سیمیناره‌كه‌دا،دادوەر سەروەر علی جعفەر  ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا پرۆسه‌ی یاسادانان پێویسته‌ لایه‌نی یاسایی و ته‌كنییكییه‌ی به‌سه‌ریدا زاڵ بێت نه‌ك ئاراسته‌ی سیاسی، بۆیه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مانی كوردستان یاسا بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی یاسایی ده‌ربكات نه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی جه‌ماوه‌ر.
له‌ كۆتایشدا گرفته‌ یاساییه‌كانی به‌رده‌م دادوه‌ران له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری وه‌كو نمونه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران باسی لێوه‌ كرا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان