راگەینراوێک لە پەرلەمانی کوردستانەوە

08/08/2014 07:11:00 م
ئەمرۆ 8-8-2014 سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان و تەواوی سەرۆک فراکسێۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان کۆبوویەوە، بۆ تاوتوێکردنی ڕووداوەکان و هێرش و پەلامارەکانی تیرۆرستان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەروەک چۆن پیشتریش سەرۆکایەتی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندارەکان سەردانی ئاوارەکانی کردو کۆمەک وهاوکاری بۆ ناردن.
ڕووداوەکانی ئەم دواییە، کارەساتێکی مرۆیی گەورەیە بەسەر پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچە کوردستانییە جێناکۆکەکاندا هاتووە، وەک مەسیحی و شەبەک و تورکمان و بەتایبەیش خوشک  و برا ئێزیدییەکان لەناوچەی شەنگال. بۆیە پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا لیژنەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرگری لە مافەکانی ئافرەت ڕابسسپێرێت بۆ بەدواداچوون و بە دیکۆمێنتکردنی ئەو تاوانەی دەرهەق بەو پێکهاتانە  ئەنجامدراون، بەتایبەتی تاوانەکانی دژ بەخوشک و برا ئێزیدییەکان لە شەنگال. چونکە پێمان وایە ئەم تاوانانە  دەچنە خانەی جینۆسایدەوە. هەروەها سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریدا لیژنەکانی پێشمەرگە وناوخۆ بەدواداچوونی جدی بکەن بۆ دۆخی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی پەرلەمان لەم بارەیەوە. لەلایەکی دییەوە پەرلەمانی کوردستان لیژنەکانی دارایی و ئابووری و وەبەرهێنان و دەستپاکی راسپارد بۆ بەدواداچوونی کێشەکانی پێشمەرگە. بەهەمان شێوە لیژنەی تەندرووستی و ژینگە راسپێردرا  بەدوداجوون بۆ کێشە تەندرووستییەکانی  پێشمەرگە و ئاوارەکان بکات.
 ئێمە لەپەرلەمانی کوردستان، ڕایدەگەیەنین گەلی کوردستان چۆن لەڕابردوودا پلانی دوژمنانی تێکشکاندووە، لە ئێستاشدا پلانی تیرۆرستان تێکدەشکێنێت، هەر بەم بۆنەیەوە داوا لە گەلی کوردستان دەکەین بە هەمو پێکهاتەو هێزە سیاسییەکانییەوە  یەکدەنگ و یەکریز بن لەبەرامبەر هێرش و پەلاماری تیرۆرستان و، بە ورەیەکی بەرزەوە ڕووبەڕووی ئەو ڕووداوانە ببنەوە. دڵنیابن سەردەکەوین و دوژمنان و تیرۆرستانیش تێکدەشکێنرێن. داوا لەخەڵکی کوردستانیش دەکەین نەکەونە پەرجەکرداری نەخوازراو دژ بە ئاوارەکانی ناوەراست و باشووری عێراق، چونکە هەمیشە هەرێمی کوردستان لانکەی پێکەوەژیان و لێکبوردن بووە و دەبێت.
داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆیی ونێودەوڵەتییەکانی تریش ئەکەین، هەرچی زووە وەک ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی هاوکاریی ئاوارەکان بکەن کە ژمارەیان یەک ملیۆنی تێپەراندووە. پەرلەمانی کوردستان وێڕای سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەدەمەوە هاتن و پشتیوانی کردنی هەرێمی کوردستان لە شەری دژە تیرۆردا، بەڵام چاوەڕێش ئەکەین، نیگەرانیەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان، ببنە هەنگاوی کرداریی زیاتر بۆ روبەڕوبونەوەی گرووپە تیرۆرستەکان، چونکە ئەم گروپانە بە تەنها مەترسی نین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە هەمان شێوە ئاشتی و ئارامی جیهان دەخەنە مەترسییەوە.
هەروەها داوا لە سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین کار بکەن  بۆ کۆتایی هێنان بەبڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان و، ناردنی موچەی فەرمانبەران و بودجەی پیشمەرگە، بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت  باشتر ڕووبەرووی هێزە تیرۆرستەکان ببێتەوە .
هەمو خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبێت لە بەدواداچونی ڕووداوەکان  و، ئامادەسازیش دەکەین  بۆ ئەنجامدانی  کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان لەو بارەیەوە.
سەرۆکایەتی پەرلەمنی کوردستان
8-8-2014

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ