بانگه‌وازێك له‌ په‌رله‌مانى كوردستانى عێراقه‌وه‌

11/06/2014 10:55:00 ص

بۆ / ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق

 

رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان

یه‌كێتیى په‌رله‌مانى عه‌ره‌بى

یه‌كێتیى په‌رله‌مانى نێوده‌وڵه‌تى

په‌رله‌مانى یه‌كێتیى ئه‌وروپا

 

 

 

خه‌ڵكى عێراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى ‌و ئاینییه‌كانیه‌وه‌ به‌ ئومێده‌وه‌ له‌ ساڵى 2003 ه‌وه‌ به‌ره‌و پرۆسه‌ى ئازادى ‌و كۆتاییهێنان به‌ حوكمى شمولى – دیكتاتۆرى چوون، كه‌ گه‌لانى عێراق له‌ سایه‌یدا رووبه‌ڕووى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى بووبوونه‌وه‌.

دواتر به‌ هاوكاریى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى، گه‌لانى عێراق بوونه‌ خاوه‌ن ده‌ستوورێكى شایسته‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى ناڕه‌وا‌و له‌ برى كاركردن به‌ چه‌مكه‌ مرۆڤدۆستى ‌و دیموكراسییه‌كان كه‌ له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌، به‌ پاساوى جۆراوجۆره‌وه‌ كێشه‌ى نه‌ژادى ‌و ئاینی ‌و مه‌زهه‌بییه‌كان په‌ره‌ى پێدراو ده‌سه‌ڵاتى ئیتیحادیش هاوكارێكى جدى ‌و بابه‌تیانه‌ نه‌بوو بۆ تێگه‌یشتن له‌ ره‌وشى ئاڵۆزى تیرۆر ‌و كاردانه‌وه‌ ناوخۆییه‌كانى گرووپ ‌و لایه‌نه‌ به‌شه‌ڕهاتووه‌كان.

به‌ درێژایى 10 ساڵى رابردوو كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش ‌و نوێنه‌رى سكرتێرى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق ‌و په‌رله‌مان ‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى تر ‌و ده‌وڵه‌تانى دۆست، كۆششى زۆریان كرد تا ئاشتی ‌و دیموكراسى له‌ عێراقدا به‌رجه‌سته‌ بێت، به‌ڵام به‌شێك له‌ ئاڕاسته‌كان ‌و ده‌ستوه‌ردانى ناڕه‌واى ده‌ره‌كى هاوجووت نه‌بوو له‌گه‌ڵ ده‌ستوور ‌و دامه‌زراندنى بناغه‌ى عێراقێكى نوێ، هه‌رێمى كوردستانى عێراقیش له‌ زووه‌وه‌ ئه‌و مه‌ترسییه‌ى خسته‌ روو كه‌ ره‌وه‌شى حوكمڕانیى عێراق به‌ ئاقارێكى نادروستدا ده‌ڕوات.

به‌ڕێزان..

ئێستا عێراق له‌ رووى دامه‌زراوه‌یى ‌و شه‌ڕى تیرۆره‌وه‌ به‌ مه‌ترسییه‌كى زۆر ترسناكدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، رۆژانه‌ گرفت ‌و كێشه‌كان قووڵتر ده‌بنه‌وه‌ عێراق به‌ره‌و ده‌وڵه‌تێكى فاشیل ده‌چێت، داواكارین كه‌ كۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى له‌ به‌رامبه‌ر عه‌قڵیه‌تى سیاسیى ده‌سه‌ڵاتى ئیتیحادى ‌و ده‌ستتێوه‌ردانى ناڕه‌وا و پێشێلكردنى ده‌ستوور و رێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تى و ناوخۆییه‌كان هه‌ڵوێستى ئه‌رێنى نیشان بده‌ن و به‌رپرسانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ چه‌سپاندنى ئاشتى له‌ عێراقدا هه‌ڵوێست بنوێنن.

 

لاى به‌ڕێزتان ئاشكرایه‌ كه‌ به‌هۆى شه‌ڕه‌كانى ئه‌مدواییه‌ى رومادى و فه‌لوجه‌ و دیاله‌ و ئێستاش له‌ موسڵ و ناوچه‌كانى تر رووده‌دات پێشێلكارى مافه‌كانى مرۆڤ و كاره‌ساتى زۆر ترسناكى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ئاشتى و ئارامى و ئاسایشى ناوچه‌كه‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئه‌و عێراقه‌ى كه‌ ئومێدى پێكهاته‌كانى بوو ئێستا به‌ره‌و داڕمان ده‌ڕوات.

بۆیه‌ داوا له‌ به‌ڕێزتان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ دیبلۆماسییه‌ت و به‌رپرسیاریه‌تییه‌وه‌ له‌ رووى مه‌یدانى و عه‌مه‌لیه‌وه‌ پشتگیرى پێشكه‌شى گه‌لانى عێراق بكه‌ن ‌و هاوكارى گه‌لانى عێراق ‌و هه‌رێمى كوردستان بن بۆ تێپه‌ڕاندنى قۆناغی ترس ‌و تیرۆر ‌و تۆقاندن. هه‌روه‌ها داوا له‌ هه‌موو رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌كه‌ین كه‌ به‌ هاناى لێقه‌وماوان ‌و ئاواره‌كانى ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌وه‌ بچن.

ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ وردى چاودێریى ئه‌و ره‌وشه‌ كاره‌ساتباره‌ ئه‌كه‌ین كه‌ له‌پارێزگاكانى دراوسێى هه‌رێمى كوردستان دروستبووه‌، لیژنه‌كانى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانى جینۆساید، ناوخۆ ‌و ئاسایش ‌و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان، مافه‌كانى مرۆڤى په‌رله‌مانى كوردستانیشمان راسپاردووه‌ كه‌ به‌دواداچوون بۆ كێشه‌كانى هاونیشتیمانیانمان له‌ ناوچه‌ كاره‌ساتباره‌كان ئه‌نجام بده‌ن. هه‌روه‌ها چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ین كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ حكومه‌تى فیدرالیى عێراق ‌و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌رپرسیارییه‌ته‌كانیان سه‌باره‌ت به‌م ره‌وشه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن.

 

سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان

10/6/2014


رۆژمێرى رووداوه‌كان