به‌یاننامه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان له‌ساڵیادی بۆردومانی ئۆردوگای زێوه‌

09/06/2014 08:42:00 ص

جه‌ماوه‌ری سه‌ربه‌رزی كوردستان

ئه‌مرۆ یادی كاره‌ساتێكی تری خوێناوی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ رژێمی دیكتاتۆری پێشوو به‌سه‌ر خه‌ڵكی سڤیل و بێتاوانی گه‌له‌كه‌مان له‌ ئۆردوگای زێوه‌ ئه‌نجامی دا، ئه‌وه‌بوو له‌رۆژی 9/6/1985 له‌كاتژمێر نۆ و چاره‌گی سه‌ر له‌به‌یانی دا هه‌شت فرۆكه‌ی جه‌نگی رژێمی به‌عس به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه‌ ئۆردوگای زێوه‌یان بۆردومان كرد و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌د و چل و یه‌ك شه‌هید و سێ سه‌د و حه‌فتاو سێ برینداری لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان ژن و منداڵ و پیرو په‌ككه‌وته‌ بون و له‌ده‌ست جه‌ور و زوڵمی رژێمی به‌عس ژیانی ئاواره‌ییان هه‌ڵبژاردبوو.

ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ جاری یه‌كه‌م نه‌بوو ئۆردوگای زێوه‌ بكه‌وێته‌ به‌ر بۆردومانی فرۆكه‌كانی رژێمی به‌عس به‌ڵكو چه‌ندین جاری تر هێرشی هاوشێوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی سڤیل و بێتاوانی ئه‌و شوێنه‌ ئه‌نجامدراوه‌و چه‌ندین شه‌هید و برینداری له‌خه‌ڵكی بێتاوان لێكه‌وتۆته‌وه‌.

ئه‌و كاره‌ساه‌ته‌ به‌یه‌كێك له‌كرده‌وه‌ كۆمه‌ڵكوژیه‌كان داده‌نرێ كه‌ رژێمی به‌عس به‌ ئاشكرا و به‌ ئامانج چه‌ندین جار ئه‌و ئۆردوگایه‌ی بۆردومان كردوه‌

ئێمه‌ له‌كاتێكدا یادی شه‌هیدانی ئه‌و تاوانه‌ به‌رز راده‌گرین ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاوه‌ كه‌ سه‌رانی رژێمی به‌عس ئه‌وانه‌ی ئه‌و تاوانه‌یان ئه‌نجام دا چاره‌نوسیان به‌چ گه‌یشت و گه‌لی كوردستانیش له‌سایه‌ی خوێنی ئه‌و شه‌هیدانه‌ و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان رۆژ له‌دوای رۆژ به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌تر و دوارۆژی گه‌شتر هه‌نگاو ده‌نێ، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك درك به‌و راستیه‌ بكات كه‌ سه‌رده‌می زه‌بر و زه‌نگ و به‌كارهێنانی چه‌ك و جبه‌خانه‌ی گه‌وره‌ به‌سه‌رچوه‌و ئیراده‌ی گه‌لان هه‌میشه‌ به‌سه‌ر ئیراده‌ی ئه‌و رژێمانه‌ سه‌ركه‌وتوون كه‌ به‌ ئاگر و ئاسن وه‌ڵامی داخوازیه‌ ره‌واكانی هاووڵاتیانیان داوه‌ته‌وه‌

 

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان

2014/6/8

 


رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ