رونكردنەوەیەك لە دیوانی پەرلەمانی كوردستانەوە

12/01/2014 12:30:00 م

لە ژمارە (172) ی رۆژی سێ شەمە (7-1-2014)ی هەفتەنامەی (باس) شوان بەرزنجی كورتە راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە، بەناوی (ئیدارەی پەرلەمان ئیمتیاز دەبەخشێتەوە) بۆیە ئێمە بە پێویستمان زانی بۆ هەفتەنامەی (باس)و هاوڵاتیانی كوردستان‌و رای گشتی ئەم رونكردنەوەیە بڵاوبكەینەوە:

یەكەم: بەپێی فەرمانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان خولی سێیەم ژمارە(1-5-4095) لەرۆژی (  2-11-2013 ) تەواوی دەسەڵات دراوە بە بەرێوەبەری گشتی دیوان لە پێناو دروست نەبوونی بۆشایی و كارگێری،  تەنها دەسەڵاتی یاسادانان نەبێت .

دووەم: بەرێوەبەری گشتی دیوان سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك لەدەرەوەی ڕێنمایی‌و بڕیارەكان هیچ ئیجرائاتێكی ئیداری ئەنجام نەداوەو هەرگیز بە ئیمزای ئەو هیچ ئیمتیازێك بەكەس نەدراوەو هیچ كەسێكیش دانەمەزراوەو پلەی بەرزنەكراوەتەوە، بەپێچەوانەشەوە بەرپرسیارێتی خۆی رادەگەیەنێت بەرامبەر بەیاسا.

سێیەم:بەرێوەبەری گشتی دیوان بەپێی دەسەڵاتی ئیداری خۆی‌و لە چوارچێوەی یاساو رێنماییەكان بۆی هەیە بۆ بەرێوەبردنی ئیش‌و كاری ڕۆژانەی پەرلەمان فەرمانبەر لە بەشێك بۆ بەشێكی تر دابنێت، هەروەها لە نووسینگەكانی پەرلەمانیشدا كە راستەوخۆ سەر بەدیوانی پەرلەمانن هەمان كار بكات بەپێی یاسا. چونكە هەموو ئەندامانی پەرلەمان بە ئیمزای بەرێوەبەری گشتی دیوان ئەو چەند مانگە موچەو دەرماڵەكانیان وەرگرتووەو  هەر بە ئیمزای بەرێوەبەری گشتی دیوانیش ڤێلاو شوقەكانیان وەرگرتووە.

چوارەم: لەكاتی دروستبوونی بۆشایی‌و نەبوونی دەستەی سەرۆكایەتیدا، بەرێوەبەری گشتی دیوان گەورەترین دەسەڵاتی كارگێرییە لە نێو پەرلەمانداو بەپێی یاسا بەرپرسە لە كاروبارە ئیدارییەكان بۆیە ئاساییە بۆ ڕاییكردنی ئیش‌و كاری ڕۆژانەی فەرمانبەران‌و پەرلەمانتاران بەپێی یاسا رێنماییەكان دەسەڵاتی تەواوی خۆی بەكاربێنێت.

پێنجەم: هیچ ئەندام پەرلەمانیك بۆی نیە دەست وەربداتە ئیش‌و كاری ئیدارەی پەرلەمان‌و كاری ڕۆژانەی فەرمانبەران  ئەوە بەرپرسیارێتی تەواوی بەرێوەبەری گشتی دیوانە لە ئێستاو لە ئایندەشدا بەپێی یاسا.

شەشەم: بەرێوەبەری گشتی دیوان بەپێی یاسا ئامادەیە لەبەردەم دەستەی سەرۆكایەتی نوێ كە دەست بەكاربوو هەموو وردەكاری ئەم چەند مانگەی دوایی بخاتەڕوو، كە پرسیاری لەبارەوە بكرێت.

 

نوسینگەی بەرێوەبەری گشتی

دیوانی پەرلەمانی كوردستان

12-1-2014


رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ